٣٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٢ - ١٩:٥٢
تەقینەوەی تانکەرێکی غاز لە بەغدا؛ 15 کوژراوو برینداری لێ کەوتەوە

سەرچاوەکانی هەواڵ شەوی شەممە وایان بڵاو کردەوە کە تەقینەوەی تەنکەرێکی غاز لە گەڕەکی «ئەلبنوک» لە بەغدا ١٥ کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاویکردەوە، تەنکەرێکی غاز کە لە گەراژێک لە نزیک چایخانەیەکی  قەزای ئەلبنوک وەستابوو، بە هۆکارێکی نادیار تەقیوەتەوە.

بەگوێرەی ئەم سەرچاوەیە،دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە  شارەزایانی بواری تەقەمەنی گەییشتنە شوێنەکە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەکە دەستی پێکرا بۆ ئەوەی بزانن ئایا ڕووداوەکە بەهۆی کەموکوڕییەکی تەکنیکییەوە بووە یان تەقەمەنی لە ژێر تانکەرەکەدا جێگیر کراوە.

ھەریەک لە «محەمەد شیاع ئەلسودانی » سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و ، «عەبدولئەمیر ئەلشەمەری»وەزیری ناوخۆی عێراق ئامادەی شوێنی تەقینەوەکە بوون.

ھاوکات،  «ئەحمەد سەلیم» فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی بەغدا ڕەتیکردەوە هیچ پاڵنەرێکی تیرۆریستی لەم تەقینەوەیەدا هەبووبێت و دەشڵێت: هۆکاری تەقینەوەی تانکەرەکە تەکنیکی بووە نەک تیرۆریستی.

342/